له‌سه‌ر داواى پارتییه‌
سبه‌ى نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ مامۆستایانى ناڕازى كۆده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1201‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازى ئاشكرايده‌كات، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ 12ى كانوونى دووه‌مى 2017، له‌سه‌ر داواى پارتى دیموكراتى كوردستان نێچیرڤان بارزانى حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وەفدێكی مامۆستایانى ناڕازى سلێمانى كۆدەبێته‌وه‌.

 
دڵشاد بابانى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت "بڕیاره‌ كاتژمێر 11ى سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌، لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى مامۆستایانى ناڕازى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌".
 
وتیشى "رێكخستنى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت، كه‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ سلێمانى په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردین كه‌ سه‌ردانیان بكه‌ین و له‌گه‌ڵیان كۆبینه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى سه‌ردانمانكردن ئه‌دهه‌م بارزانى  سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە داواى لێكردین به‌ خۆپیشاندان نه‌چینه‌ به‌رده‌م باره‌گاكه‌یان، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ڵێنیدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى بۆ رێكبخات بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى مامۆستایان، ئێمه‌ش رازى بووین".
 
بابانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت و پشتیوان سادق وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و ئه‌دهه‌م بارزانى ، به‌شداربن".
 
جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "ئه‌گه‌رچى بڕیاربوو سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ خۆپیشاندان ئه‌نجامبده‌ین، به‌ڵام هیچ خۆپیشاندانێك ئه‌نجامناده‌ین و چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ین".
 


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە