هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی رێگریكردن لە دوو پەرلەمانتارەكە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 968‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی
وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، رێگریكردن لە دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە بازگەی پردێ‌ بۆ چوونە ناو شاری هەولێر لای كۆمەڵ چاوەڕواننەكراو بوو و جۆرێكە لە "ئیرهاب" و تۆقاندن.

 دوێنێ سێشەممە 10ی كانونی دووەم لەبازگەی پردێ رێگری لە سۆران عومەر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كرا كە بچنە ئەوشارەوە.
   
رێبوار حەمەد، وتەبێژی فەرمی كۆمەڵی ئیسلامی، بە دواڕۆژی راگەیاند "ئەو جۆرە رێگریكردنە لە دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان جێگەی نیگەرانیەو لای كۆمەڵی ئیسلامی چاوەڕواننەكراوبوو و بە توندی ئیدانەی دەكەین".

وتەبێژی كۆمەڵ وتیشی"لە ئێستادا هەوڵێكی جددی لەنێوان لایەنەكان هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان و چاكسازی و سارێژكردنی برینە كۆنەكان و ئێمە چاوەڕێ‌ بووین كاری رێگریكردن لە پەرلەمانتاران وەك ئەوەی پێشوو لە سەرۆكی پەرلەمان كرا لە هەرێمی كوردستان دووبارە نەبێتەوە".

رێبوار حەمەد، ئاماژەی بەوەشكرد" ئێمەو وەك كۆمەڵی ئیسلامی چاوەڕێ‌ دەكەین دەزگا پەیوەندیدارەكان بە دواداچوون بۆ رووداوەكە بكەن و وەڵامی رایگشتی بدەنەوە".

رێبوار حەمەد، وتیشی" سۆران عومەر خێزان و منداڵەكانی لەگەڵ بووە ئەو جۆرە لە ئیرهاب و تۆقاندنە كارێكی نەخوازراوەو خزمەت بە بارودۆخی هەرێم ناكات و پێویستە دادگا رۆڵی خۆی ببینێت".
 


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure