وەزیری گواستنەوە ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ دامودەزگا میریەكانی هەڵەبجە دابین دەكات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 14021‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، عەلی عومەر
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاشكرای دەكات ئینتەرنێتی بێبەرامبەریان بۆ زیاتر لە 50 دامودەزگای حكومی لە پارێزگای هەڵەبجە دابین كردوە و ڕاشیدەگەیەنێت: لەماوەیەكی نزیكدا ئینتەرنێتێكی نوێ بەناوی فایبەر ئۆپتیك (FTTH) كە ئینتەرنێتی بێسنورەو هەرسێ (تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت و تەلەفۆن)دەگرێتەوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان بەكاردەخرێن.

مەولود مراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ئەوەی خستەڕوو، لەئێستادا ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیك (FTTH) كە ئینتەرنێتی بێسنورە و چاودێری دەكرێت لەپارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بەركارە و لەوڕێیەوە باشترین خزمەتی هاوڵاتیان دەكەین لەو خزمەتگوزاریە تا زۆرترین سوودی لێ ببینن بەنرخێكی گونجاو لە ئاست نرخە نێودەوڵەتیەكان.

وەزیری گواستنەوەو گەیاندن ئاشكراشی كرد لەسەرەتای بەپارێزگابوونی شاری هەڵەبجەوە بڕیاماندا بەوەی جگە لە بڕیاری كردنەوەی بەڕێوبەرایەتیە گشتیەكانی وەك (بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەو پۆستەو گەیاندن و كەشناسی) ئەوپەڕی تواناو خزمەتەكانمان بخەینەگەڕ تا لەڕێگای وەزارەتەكەمانەوە باشترین و زۆرترین خزمەتگوزاری بەو شارە بكەین و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ زیاتر لە 50 فەرمانگە و دامودەزگای حكومی ئینتەرنێتی بێبەرامبەرمان بۆ دابین كردن بەرێگای تۆڕی ئینتەرنێتی میریەوە.

جێی باسە لەدواهەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پرۆژەی تەندەری ڕاستەوخۆ بۆ قەزاو ناحیەكانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین كە پرۆژەی فایبەر ئۆپتیك (FTTH)ی ئینتەرنێتی بێسنورەو پرۆژەكە بڕیاری لەسەر درا كە بخرێتە كێبڕكێی ڕاستەوخۆ بۆ كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت.

(ژ.م)


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure