"دوارۆژ"، هۆكارەكانی كەمبوونەوەی داهاتی مەرزی باشماخ ئاشكرادەكات

هەواڵ / ئابوری :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 64‌ جار بینراوە

دوارۆژ – رێبین حەسەن
لەساڵی 2016 ئەو داهاتەی لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستهاتووە، بەبەراورد  بەساڵی 2015، بەرێژەی لە (30%) كەمیكردووە و بەرپرسێكی مەرزەكەش، بۆ سێ هۆكاری دەیگەڕێنێتەوە.


شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەلێدوانێكی تایبەتدا، بۆ دوارۆژ، رایگەیاند "لەساڵی 2016 ئەو داهاتەی لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە و لەكاتی هاوردە و هەناردەكردنی كەلوپەل و شمەكی جیاوازی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، بەدەستهاتووە، بریتی بووە لەنزیكەی (170) ملیار دینار، لەكاتێكدا داهاتی بەدەستهاتووی ساڵی 2015، گەیشتبووە (245) ملیار دینار.

ناوبراو، روونیشیكردەوە "كەمبوونەوەی داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەساڵی رابردوو پەیوەندی بە سێ هۆكاری سەرەكییەوە هەیە، ئەوانیش بریتین لە "بەردەوامیی شەڕی داعش كە تا ئێستا موسڵ لەژێردەسەڵاتی داعشدایە و  ئازاد نەكراوە، بەڵام رەنگە لەماوەی داهاتوودا، ئەگەر موسڵ ئازاد بكرێت، پێویستی بەئاوەدانكردنەوە دەبێت و كەلوپەل  و شمەكی رۆژانەی لەمەرزەكەمانەوە بۆ دەچێت".

وتیشی: هۆكاری دووەم بریتییە لەوەی قەیرانی دارایی ماوەی نزیكەی سێ ساڵە بەردەوامە و ئەوەش كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی داهاتەكان هەیە، چونكە لەراستیدا خەڵك ئێستا زیاتر بەكاربەری خۆراكە، وەك لەبەكاربەری بابەتی جوانكاری و شتی تر.

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری سێیەمی كەمبوونەوەی داهاتی مەرزی باشماخ لەساڵی 2016 پەیوەندی هەیە بەهەبوونی چەند خاڵێكی گومرگی لەنێوان سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەنددا، كە ئەوانە بەجۆرێك لەجۆرەكان ئاستەنگ بۆ بارەكانی شۆفێران دروستدەكەن، كاتێك لەباشماخەوە بەرەو ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق دەچن و لەوێ دووبارە گومرگیان لێوەردەگیرێتەوە و كێشە بۆ شۆفێرانی هەرێم دروستدەكەن، هەرچەندە هێشتا ئەو كێشانە بەردەوامن، بەڵام هەوڵیش هەیە بۆ چارەسەركردنیان.


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە