چاودێری كۆمەڵایەتی: 178 ژن لە شەڵتەرەكەماندا پارێزراون

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 99‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئەمڕۆ چوارشەممە، عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێریی ‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامارەكانی ساڵی 2016ی بەڕێوەبەرایەتییەكەی خستەڕوو، تێیدا وتی "لە ئێستادا لە خانەكانی‌ ساوایان‌ و نەوجەوانانی‌ كوڕان ‌و كچان ‌و بەساڵاچووان (143) منداڵ ‌و بەساڵاچوو خزمەت دەكرێن".

 
وتیشی "لە خانەی‌ ساوایان (24) منداڵی‌ ساوا تەمەن (1 ڕۆژی‌ بۆ 4 ساڵ)، لە خانەی‌ كوڕان (تەمەن 4 بۆ 18)ساڵ، 49 منداڵ كە 35 یان لە دەرەوەی‌ خانە و (14) منداڵیان لە ناو خانە خزمەت دەكرێن، لە خانەی‌ كچان ژمارەی‌ منداڵان بریتیە لە 28 منداڵ، لەوانە (15) منداڵیان دەرەوەی‌ خانەن‌ و ناوخانە (13) منداڵ، هەروەها لە خانەی‌ بەساڵاچووان (بۆ پیاوان تەمەن لە 60 ساڵ بەرەو سەرو بۆ ئافرەت 55 ساڵ بەرەو سەر) لە ئێستادا (38) بەساڵاچوو سودمەندن، (36) پیاو و (7) ئافرەت، كە (18) لەو بەساڵاچووانە لە یەكەی‌ پەككەوتەن ‌و هەموو خزمەتێك دەكرێن‌و پێداویستی‌‌و ژیانی‌ رۆژانەیان بۆ دابیندەكرێت".
 
ئاماژەی بەوەشدا "لە ساڵی رابردوودا، (178) ئافرەت ڕوویان لە شەڵتەری خانەی‌ داڵدەدانی‌ ئافرەتانی‌ هەڕەشەلێكراو كردووە و داڵدەدراون، لەوانە (152) ئافرەتیان كێشەكانیان چارەسەركراوە و گەڕاونەتەوە ناو ژیانی‌ ئاسایی‌ ‌و 26 ئافرەتیشیان لە ئێستادا لە شەڵتەر دەپارێزرێن، هەر لە شەڵتەری‌ داڵدەدانی‌ ئافرەتانی‌ هەڕەشەلێكراو (56) منداڵ خزمەتكراون كە لەگەڵ دایكیاندا هاتوونەتە شەڵتەر، لەوانە (52) منداڵیان شەڵتەریان لەگەڵ دایكیاندا بەجێهێشتووە و تەنها (4) منداڵ لە ئێستەدا لە شەڵتەر دەژین".
 
عومەر گوڵپی، باسی لەوەشكرد "لە پڕۆژەیەكدا كە ناوی‌ (پڕۆژەی‌ پاراستنی‌ منداڵ) ‌و بۆ منداڵانی‌ ئاوارە و ناوخۆ بە هاوكاری‌ رێكخراوی‌ یونیسێف‌ و لەڕێگەی‌ تیمی‌ تایبەت ‌و پسپۆڕەوە لە ناو شاری‌ سلێمانی ‌‌و قەزاكانی‌ دەربەندیخان ‌و چەمچەماڵ بەڕێوە دەچێت، 14 هەزار و 988 منداڵ پاڵپشتی‌ دەروونیی‌ ‌و كۆمەڵایەتیی ‌‌و پەروەردەیی ‌‌و یاسایی ‌‌و دارایی‌ كراون، لەوانە حەوت هەزار و 391 كوڕ ‌و حەوت هەزار و 597 كچ و بوون".
 
رونیشیكردەوە "هەر لەو پڕۆژەیەدا مامەڵە لەگەڵ 632 كەیسدا كراوە كە گرفتی‌ جۆراوجۆریان هەبووە، هەروەها هۆشیاری‌ پەروەردەیی‌ ‌و خێزانی ‌‌و یاسایی‌ لەبارەی‌ منداڵ‌و مافەكانیانەوە پێشكەش بە (296) پیاو و ئافرەت دراوە، لەوانە (194)پیاو و (102) ژن بوون".
 
ئەوەشی خستەڕوو "لە بواری‌ چالاكی‌ هونەری‌‌و وەرزشی‌ منداڵاندا، لە سەنتەرەكانی‌ سلێمانی‌، دەربەندیخان، پیرەمەگرون، ڕانیە، قەڵادزێ‌، چەمچەماڵ، (136) منداڵ سودمەندبوون، جگەلەوەش هێڵی‌ گەرمی‌ فریاكەوتنی‌ منداڵان (هێڵی‌ 116ی‌ منداڵان)، لە ماوەی‌ ساڵی‌ رابردوودا ، چوار هەزار و 505 پەیوەندی‌ وەرگیراوە، لەو ژمارەیە كۆی‌ گشتی‌ كێشەكان (496) كێشەبوون، لەوانەش 100 كێشەیان ئاڕاستەی‌ لایەنی‌ تری‌ پەیوەندیدار كراون، لەو ژمارەیە (175) منداڵیان منداڵی‌ ئاوارە بوون".


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە