كۆیە.. ئەو كۆمپانیایەی ئاوی لەسەر شارەكە دەگرتەوە پڕۆژەكەی لێسەندرایەوە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 444‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، مادح جەمال
پڕۆژەی ئاوی بۆگد- كڵێسە، كە لەلایەن كۆمپانیای "شاڵی" بەڕێوە دەبرا و ئاوی بۆ (60%)ی دانیشتوانی شاری كۆیە دابین دەكرد، پڕۆژەكەی لێسەندرایەوە.

 
محەمەد فەقێ، بەڕێوەبەری ئاوی كۆیە بە دواڕۆژی راگەیاند" كۆمپانیای شاڵی كە كۆمپانیایەكی توركییە لە 8ی ئاداری 2013 تا 9ی كانوونی دووەمی 2017 سەرپەرشتی پڕۆژەی ئاوی بۆگد - كڵێسەی دەكردو بەپێی گرێبەستێك دەبوو حكومەت مانگانە بڕی (207) ملیۆن دیناریان پێ بدات، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەت پارەی پێنەداون.

بەڕێوەبەری ئاوی كۆیە، وتیشی "ئێمە مانگانە تەنیا بە بڕی 43 ملیۆن دینار پڕۆژەكە كار پێدەكەین".

 

محەمەد فەقێ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەو كۆمپانیا لە هاوینی رابردوو و لەمانگی تەممووزی 2016 چوار جار ئاوی لەسەر دانیشتووانی شاری كۆیە گرتەوە، كە قەیرانێكی گەورەیان بۆ دروستكردین بەهۆی ئەوەی (36) مانگ بوو حكومەت پارەی بۆ سەرف نەكردبوون.

 

ئەو بەرپرسەی ئاوی كۆیە راشیگەیاند "ئەو كۆمپانیایە لە شەو و رۆژێكدا تەنیا (15) كاتژمێر ئاویان بۆ دابیندەكردین، بەڵام ئێستا پڕۆژەكە لەدەست خۆمانە و ئەگەر بمانەوێت دەتوانین (24) كاتژمێر ئاو بۆ شاری كۆیە دابین بكەین".


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure