کوردەکانی کەنەدا گردبوونەوەی ماتەمینی بۆ کەنەدی-یە کوژراوەکە رێکدەخەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 2469‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى توركیا ده‌رباره‌ى شه‌نگال له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌وه‌، هه‌روه‌ها كوژرانى ئه‌فسه‌رێكى كورد له‌ خۆرئاواى كوردستان و گردبوونه‌وه‌یه‌كى ماته‌مئامێز له‌ ئۆتاوا بۆ گیانى كوژراوێكى كه‌نه‌داى ریزه‌كانى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل و داواكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانى توركیا له‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ك نه‌داته‌ هێزه‌ كوردییه‌كان، له‌و بابه‌ته‌ سه‌ره‌كیانه‌ن كه‌ ئه‌مڕۆ میدیاى بیانى باسیان لێوه‌كردووه‌. 


سەباح جەدید: پەکەکە رەتیدەکاتەوە لە ژێرفشاری ئەنقەرەدا لە شه‌نگال بکشێتەوە

دوابەدوای لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا کە تێیدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی یەکێتی دیموکرات (یەپەگە)ی بەوە تۆمەتبارکرد كه‌ "دەستیانگرتووە بەسەر شه‌نگال-دا و رێگری لە بوژانەوەی ناوچەکە دەکەن" و لە ئەگەری نەکشانەوەشیاندا ئەنقەرە ئامادەیە هێز بەکاربهێنێت.
حزب و هێزە کوردییەکان رەتیانکردووەتەوە کە ئامادەبن پشتیوانی ئەو هەوڵەی تورکیا بکەن کە بیەوێت عێراق و کوردستان وەک گۆڕەپانێک بەکاربهێنێت بۆ پاکتاوکردنی حساباتەکانیان لەگەڵ پەکەکەدا کە لەپێناو پاراستنی مافەکانی کورد لە تورکیادا لەگەڵیان دەجەنگێت. 
سه‌باح جه‌دید ده‌ڵێت "سەرحەد وارتۆ، وتەبێژی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە پەکەکە بەشێکە لێی، جەختی لەوە کردەوە ئەندامانی پەکەکە (گەریلا) ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک کە تورکیا بیکاتەسەر هەر ناوچەیەکی ژێر ده‌سه‌ڵاتى پەکەکە". 
واتۆ جەختیشی لەوەکردەوە، حکومەتی تورکیا دەیەوێت فیتنە و کێشە بخاتە عێراقەوە بەوەی کە رای گشتی بخاتە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و وتی "نە حکومەتی عێراقی ئامادەیە پابەندبێت بەو سیاسەتەی کە حزبی داد و گەشەپێدان دایڕشتووە و نە کوردەکانیش دەیانەوێت شەڕی ناوخۆ لەسەر داوای فەرمانڕەواکانی داد و گەشەپێدان هەڵبگیرسێنن". 

ئارانیوز: به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى قامیشلۆوه‌ ئه‌فسه‌رێكى كورد گیانى له‌ده‌ستداوه‌ 

ئێواره‌ى رۆژى دووشه‌ممه‌ 9ى كانونى دووه‌مى 2016، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ شارى قامیشلۆ روویدا، ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ى (حه‌ى سه‌بع به‌حرات) روویدا و بووه‌ هۆى گیانله‌ده‌ستدانى ئه‌فسه‌رێكى كورد كه‌ ناوى قاره‌مان عومه‌رى-یه‌. 
ئه‌گه‌رچى هێشتا دیارنییه‌ كێ له‌ پشت ئه‌نجامدانى ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى ئۆتۆمبیلێكى بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام چالاكوانه‌ كورده‌كان داعش تۆمه‌تبارده‌كه‌ن.

تایمزکۆلۆنیست: کوردەکانی کەنەدا گردبوونەوەی ماتەمینی بۆ کەنەدی-یە کوژراوەکە رێکدەخەن 

کوردەکانی دانیشتووی کەنەدا گردبوونەوەیەکی ماتەمینیان بۆ ئەو جه‌نگاوه‌ره‌ کەنەدیە رێکخست کە لە سوریا هاوشانی شەڕەڤانە کوردەکانی یەپەگە دژ بەداعش دەجەنگا و لە کۆتاییدا کوژرا.
تایمزکۆلۆنیست ده‌ڵێت "نازەرینۆ تاسۆن، 24 ساڵ، ئەو گەنجە کەنەدیە بوو کە بۆ پشتیوانی کوردەکان لە کەنەداوە چوو بووه‌ عێراق و سوریا و لە کۆتاییدا لە رێكه‌وتى  2016/12/21 لە ئۆپراسیۆنی یه‌په‌گه‌دا بۆ ئازادکردنەوەی رەققە کوژرا". 
هەرچەندە هێشتا تەرمی ناوبراو نەگەیەنراوەتەوە دەستی خانەوادەکەی لە کەنەدا، بەڵام ره‌وه‌ندی کوردی لە کەنەدا، بە ئامادەبوونی خێزانی گەنجە کوژراوەکە، رۆژی دووشەممە  گردبوونەوەیەکی ماتەمینیان لە شاری ئۆتاواى پایته‌ختدا ئەنجامدا. 

سپوتنیك: توركیا داوا له‌ دۆناڵد تره‌مپ ده‌كات پشتیوانییه‌كان بۆ كورده‌كانى سوریا رابگرێت

دوێنێ مه‌ولود چاوه‌شئۆغڵو، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا رایگه‌یاند "توركیا هیواخوازه‌ ئیداره‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریكا پشتیوانییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ كورده‌كانى سوریا رابگرێت".
چاوه‌شئۆغڵو وتى "توركیا هیواخوازه‌ ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ هاوكارى و پشتیوانییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) له‌ سوریا رابگرێت و فه‌تحوڵا گویله‌نیش راده‌ستى ئه‌نقه‌ره‌ بكاته‌وه‌".
وتیشى "من بڕوام وایه‌ ئیداره‌ نوێكه‌ى تره‌مپ هه‌مان هه‌ڵه‌ى ئیداره‌كه‌ى پێشووى ئه‌مریكا دووباره‌ناكاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر توركیا. ئێمه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌مریكا فه‌تحوڵا گویله‌ن راده‌ستى توركیا بكاته‌وه‌ و پشتیوانییه‌كانى بۆ یه‌په‌گه‌ رابگرێت".


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure