ئێران رێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ گروپی پێنج كۆ یەك ئیمزا دەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 61‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
ئێران و گروپی 5+1، لە كۆبوونەوەی دوێنێی ڤیەننای پایتەختی نەمسا، كە لە ئاستی شارەزایاندا بەڕێوەچوو، رێككەوتوون لەسەر ئەوەی ئێران بڕێكی زۆر یۆرانیۆمی سروشتی هاوردە بكات و لەبەرانبەردا ئاوی قورس ڕادەست بكات.

بە پێی ئاژانسی ئاسۆشیەتد پرێس كە لە زاری ژمارەیەك دیپلۆماتكارەوە نوسیویەتی، لایەنەكان رێككەوتون كە 130 تەن یۆرانیۆمی سروشتی لەلایەن روسیاوە ڕادەستی ئێران بكرێت و لەبەرانبەردا، ئێران ئاوی قورس هەناردە بكات.
  هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ، سێ شەممە 10 ی كانونی دووەمی 2017  كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی هاوبەشی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1، لە ڤیەننا لە سەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەدا بەڕێوەبچێت و عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و هێلگا ئێشمید بە نوێنەرایەتی فێدریكا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، سەرۆكایەتی كۆبونەوەكە دەكەن.

كۆبونەوەكە بە مەبەستی جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و گفتوگۆكردنە لەسەر نامەكەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مۆگرینی، كە لە 16 كانونی یەكەمی 2016دا ئاراستەی كردووە.

بڕیاریشە لیژنەی ئێرانی-ئەمریكی پێش كۆبونەوەكە، پێكەوە كۆببنەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، توماس شانون، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەشداریی لە كومیسیۆنی هاوبەشی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان نوێنەرانی ئێران و گروپی 5+1 لە ڤیەننا دەكات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و كۆشكی سپی دەڵێن، هەناردەكردنی یۆرانیۆمی خاو، لە روسیاوە بۆ ئێران، دژی رێككەوتنی ئەتۆمی نییە.
بە پێی ئاژانسی ئیرنا لە زاری یو ئێس ئەی تودەی-ەوە، جۆن كیربی وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە"ئێران دەتوانێ یورانیۆمی خاو هاوردەی وڵاتەكەی بكات و دژی رێككەوتنی ئەتۆمی نییە و یۆرانیۆمی خاو بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆم بەكارنایەت".
كیربی رایشیگەیاندوە، یۆرانیۆمی هەناردەكراو بۆ ئێران، بەپێی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك، بۆ ماوەی 25 ساڵ، لە ژێر چاودێریدا بێت و تاقیكردنەوەی شەفافی بۆ‌بكرێت.
جۆش ئێرنێست وتەبێژی كۆشكی سپی-ش لەوبارەیەوە رایگەیاند، یۆرانیۆمی خاو بەردەوام لەژێر چاودێریی و تاقیكردنەوەی ورددا دەبێت بۆ ئەوەی لە پابەندبوون بە رێككەوتنەكە دڵنیابن.

مەستورە خەسرەوانی


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure