له‌ ماوه‌ى 15 ساڵدا ئاوى ژێر زه‌وى هه‌رێم 100 مه‌تر كه‌میكردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 83‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر 
له‌ به‌دواداچوونێكى دواڕۆژدا ده‌ركه‌وتوو له‌ ماوه‌ى 15 ساڵدا، له‌ هه‌رێمى كوردستان یه‌ده‌گى ئاوى ژێر زه‌وى به‌ رێژه‌ى 100 مه‌تر دووجار كه‌میكردووه‌ و ماوه‌ى گه‌یشتن به‌ ئاوى ژێر زه‌ویش له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵانى رابردوو 32 بۆ 47 مه‌تر زیادیكردووه‌ و شاره‌زایان و به‌رپرسانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، نه‌بوونى ستراتیژیه‌كى روون بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئاو و گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و كه‌مبوونه‌وه‌ى باران و به‌فر هۆكار بوون بۆ ئه‌و كه‌مبوونه‌وه‌یه‌.


ئاوى ژێر زه‌وى ئه‌و ئاوه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ چینه‌كانى خواره‌وه‌ى زه‌وى و له‌ نێو كه‌لێن و بۆشایى چینه‌ به‌رده‌كانى زه‌ویه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌كرێته‌ دووبه‌ش ئاوى نزیك له‌ چینه‌كانى سه‌ر رووى زه‌وى و ئاوى بیرى قوڵ ئه‌و جۆره‌ ئاوانه‌ى ده‌كه‌وێته‌ چینه‌كانى خواره‌وه‌ى زه‌وى به‌ نزیكه‌یى 80 بۆ 320 مه‌تر.

یه‌ده‌گى ئاوى هه‌رێمى كوردستان، ساڵانه‌ به‌ زیاتر له‌ 4 ملیار سێجا ده‌خه‌مڵێندرێت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ 15 ساڵى رابردوو ئه‌و یه‌ده‌گه‌یه‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ چووه‌. 

به‌ پێی ئه‌و ئامارانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ رابردوو ئاوى ژێر زه‌وى له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ بڕى 4 بۆ 5 ملیار سێجا مه‌زه‌نده‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ى دواى له‌به‌ر نه‌بوونى ستراتیژیه‌كى گونجاو كه‌مبوونه‌وه‌ى باران و به‌فر كه‌مى گلدانه‌وه‌ى ئاو ئه‌و رێژه‌یه‌ هاتۆته‌خوارەوە. 

به‌پێى ئامارى بەڕێوەبەرایه‌تی گشتی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كستوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هه‌رێمى كوردستان جگه‌ له‌ ئاوى یه‌ده‌گى ئاوى ژێر زه‌وى خاوه‌نى 30 ملیار سێجا ئاوه‌ له‌ ساڵێكدا.

محەمەد ئەمین فارس، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كستوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، خستەڕوو، چەند ساڵێكە ئاوی ژێرزەوی زۆر دابەزیوە هەتا ئاستی سەد مەتر ئەمەش بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە.

ره‌شید جه‌رجیس، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى پاراستنى ئاو بۆ دواڕۆژ، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، تاوه‌كو ئێستا نازانرێت یه‌ده‌گى ئاوى ژێر زه‌وى له‌ هه‌ولێر و هه‌رێمى كوردستان چه‌نده‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى رابردوو  ئاوى ژێر زه‌وى به‌رده‌وام له‌ دابه‌زیندایه‌.

بەڕێوەبەرایه‌تی گشتی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كستوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، له‌ ماوه‌ى  15 ساڵدا له‌ ناوچه‌ ده‌شتایى و نزمه‌كان  ماوه‌ى گه‌یشتن به‌ ئاوى ژێر زه‌وى له‌ نێوان 30 مه‌تر‌ بۆ 47 مه‌تر زیادیكردووه‌ به‌ گوێره‌ى ناوچه‌ جیاجیاكانى هه‌رێمى كوردستان، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى ده‌شتى هه‌ولێر له‌ ساڵى 2000 ماوه‌ى گه‌یشتن به‌ ئاوى ژێر زه‌وى پێویستى به‌ 17 مه‌تر له‌ هه‌ڵكه‌ندن بوو، له‌ ئێستادا ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 69 مه‌تر دووجا. 

هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كان، له‌ ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان ماوه‌ى گه‌یشتن به‌ ئاوى ژێر زه‌وى و هه‌ڵكه‌ندنى بیر له‌ نێوان 90 بۆ 150 مه‌تربووه‌ هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌ به‌رزه‌كان 150 بۆ 120 مه‌تره‌، به‌ڵام ئێستاد له‌ هه‌ندێك شوێنى به‌رز هه‌ڵكه‌ندنى بیر  150 بۆ 250 مه‌تر زیادیكردووه‌.

هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ئاوى ژێر زه‌وى ماوه‌ى گه‌یشتن به‌ ئاوى ژێر زه‌وى له‌ ساڵى 2016، له‌ باشترین شوێندا له‌ نێوانى 46 بۆ 74 مه‌تر دووجایه‌ و ئاستى دابه‌زینى ئاوى ژێر زه‌ویش له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ نێوان 32 بۆ 100 مه‌تر دووجایه‌.

سامى موسا، جیۆلۆجیست، ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ر نییه‌ له‌ هاوكێشه‌ى كه‌م ئاویدا به‌هۆى نه‌بوونى ستراتیژیه‌كى گونجاو روون له‌سه‌ر پرسى گونجاو.

موسا ده‌شلێت "به‌ پێى داتاكان ئاستى ئاو به‌ شێوه‌كى مه‌ترسیدار دابه‌زیوه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ نه‌ماتوتنیوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى ته‌ندروست له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رمایه‌ نه‌ته‌وه‌یيه‌ بكه‌ین". 

ره‌شید جه‌رجیش، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى پاراستنى ئاو هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆكارى وشكه ساڵى كه‌ له‌ ساڵى 1998 وه‌ ده‌ستیپيَكردووه‌ و له‌گه‌ڵ خراپى به‌ڕێوه‌بردنى ئاو له‌ هه‌رێمى كوردستان.

ناوبراو، ئه‌وه‌شى خسته‌روو، پێویسته‌ ئاوى ژێر زه‌وى وه‌ك سامانێكى نه‌ته‌وه‌یى كه‌ڵكى لێوه‌ربگیرێت سوود له‌ ئاوى رووباره‌كان وه‌ربگیرێت رێگرى له‌ به‌فیڕۆدانى ئاوبكرێت، حكومه‌ت سیاسه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى ئاو باشتربكات و رێگرى بكات له‌ لێدانى بیر.

به‌ گوێره‌ى ئاماره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاوى ژێرزه‌وى تاوه‌كو كۆتایى ئه‌مساڵ زیاتر له‌ له‌ 22 هه‌زار بیر له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌ى یاسایى هه‌ڵكه‌ندراون و مۆڵه‌تیان پێداروه‌،  سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م زیاتر له‌ 9 هه‌زار و 426 بیر و هه‌ولێر 7 هه‌زار و 892 بیر و دهۆك 2 هه‌زار 735 بیر، گه‌رمیان 2 هه‌زار و 19 بیر به‌ پله‌ى چواره‌م دێت،  هه‌مووشیان به‌مه‌به‌ستى كشتوكاڵى و پیشه‌سازى و خواردنه‌وه‌ لێدراون. له‌ به‌رامبه‌ردا ژماره‌ى بیره‌ نایاساییه‌كان زیاتربووه‌ له‌ 22 هه‌زار بیر و له‌و ڕێژه‌يەش زۆربه‌یان ده‌كه‌وێته‌ سنوورى شارى سلێمانى و  ته‌نها له‌ ساڵى 2016 زیاتر له‌ 200 بیر له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ نایاسایى لێدراون.

عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی هەرێم روونیكرد‌ەوه، ‌بوونی بیرێكی زۆر بە یاسایی و بە نایاسایی گرفتی سەرەكی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەویە، بۆنمونە لە پارێزگای هەولێر تەنها دەبوایە هەزار و 400 بیر لێدرابوایە، له‌ كاتێكدا له‌ كاتێكدا جگه‌ له‌ بیره‌ مۆڵه‌تپێدراوه‌كان 8 هه‌زار بیرى به‌ نایاسایى لێدراون.

وەزیری كشتوكاڵ باسی لەوەشكرد، لەمەودوا رێنمایی لێدانی بیر تونددەكەینەوە و ئەو كەسانەش كە بە نایاسایی بیر لێدەدەن سزادەدەین.

لاى خۆیه‌وه‌  عه‌باس عەلى، به‌ڕێوبه‌رى ئاوى ژێر زه‌ویى سلێمانى ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، به‌هۆى زیادبوونى زه‌وى كشتوكاڵى و باخ و ڤێلا رێژه‌ى لێدانى بیر له‌ لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ زیادیكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چه‌ندان جۆر ئامێرى بیر لێدان ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌.

به‌ڕێوبه‌رى ئاوى ژێر زه‌وى سلێمانى  ئه‌وه‌شى خسته‌روو، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ئامێرى بیر هه‌ڵكه‌ندن به‌شێوه‌ى نایاسایى ده‌ستییان به‌سه‌ردا گیراوه‌  له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردووش 290 ئامێر ده‌ستيبه‌سه‌رداگیراوه‌.

ناوبراو، وتیشى "به‌هۆى بارودۆخى دارایى لیژنه‌كانى به‌داوداچوون بۆ رێگرى له‌ لێدانى بیرى ناياسايى وه‌ك پێویست ئه‌نجامناده‌ن".

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى پاراستنى ئاو، ئه‌وه‌ده‌خاته‌روو، ئاستى ئاوى ژێر زه‌وى له‌ سنوورى شارى هه‌ولێر بۆ زیاتر له‌ 80 بۆ 100  مه‌تر دابه‌زیوه‌ و به‌هۆى هه‌ڵكه‌ندنى بیرى ئاو به‌ رێگاى یاسایى و نایاسایى شارى هه‌ولێر بۆته‌ بێژینگ.

به‌ پێى راپۆرتێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ژینگه‌ى هه‌ولێريش كه‌ ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی به‌رده‌وام له‌ گشت حه‌وزه‌كان دابه‌زیوه‌ و هه‌ندێك حه‌وزیش زه‌نگی مه‌ترسی وشكبوون لێ ده‌دات وه‌ك حه‌وزى (بانه‌مان – كۆرێ) به‌هۆی ئه‌و قورساییه‌ زۆره‌ی له‌سه‌ر حه‌وزه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌كارهێنانی ئاوی ژێر زه‌وی بۆ گشت مه‌به‌سته‌كانى خواردنه‌وه‌ و ئاودێری و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و خزمه‌تگوزاری تر.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو بڕیاری زیادكردنی دووری نێوان بیره‌كانی وه‌رگرتووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ حه‌وزه‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر كه‌ دووری نێوان بیره‌كان له‌ (500م) كراوه‌ته‌ (600م) و له‌ (600م)كراوه‌ته‌ (700م) بۆ ئه‌وه‌ی كه‌متر بیر هه‌ڵبكه‌ندرێت، به‌ڵام له‌لایه‌كی تر لێدانی بیری بێ مۆله‌ت به‌سه‌رپێچی و له‌ ڕێگه‌ی ئامێری پایلی قه‌ده‌غه‌كراو به‌رده‌وامی هه‌یه‌" . 

‌راپۆرته‌كه‌ى ژینگه، ده‌ریده‌خات  كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى ژێر زه‌وى ده‌بێته‌ هۆى پیسبوونى سه‌رچاوه‌كانى ترى ئاو و زه‌وى كشتوكاڵى و هۆكارێكیشه‌ بۆ تێكچوونى خه‌زانه‌كانى ئاو و تێكچوونى ژینگه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ و زیادبوونى به‌ بیابانبوون و دروستبوونى كاره‌ساتى سروشتى بۆ زینده‌وه‌ران و مرۆڤ.

عبدوڵا محمد، به‌ڕێوبه‌رى ژینگه‌ى هه‌ولێر، پێى وایه‌، لێدانى بیرى به‌ بێ مۆله‌ت و كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى باران بارین كاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر دابه‌زینى ئاستى ئاو ژێر زه‌وى هه‌بووه‌‌و ئه‌وه‌ش به‌هۆى وشكبوونى چینى سه‌ره‌وه‌ى زه‌وى و نه‌گه‌یشتنى ئاوى باران بۆ چینه‌كانى ژێر زه‌وى.

لاى خۆیه‌وه‌، ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى گشى كۆگا و به‌نداوه‌كانى ئاوى هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، ئاوى سه‌رزه‌وى به‌ باشى گلنادرێته‌وه‌ و سوودى لێوه‌رناگیرێت و ئه‌گه‌رنا ده‌توانرێت رێژه‌ى ئاوى ژێر زه‌وى به‌ره‌و زیادبوون ببردرێت.

وه‌زیرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى هۆشداریده‌دات و دووپاتیده‌كاته‌وه‌، كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی كاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی دروستدەکات و هەروەها كاریگەری لەسەر كشتوكاڵ هەیە ئەمەش بە قسەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم.


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure