دوو بیرى دیكه‌ى نه‌وت له‌ كوردستان هه‌ڵده‌كه‌نرێن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1273‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ
هه‌ڵكه‌ندنى دوو بیره‌ نه‌وتى دیكه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كى كوردستان كه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى هه‌زاران به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یان ده‌بێت، هه‌روه‌ها راپۆرتێكى تایبه‌ت له‌سه‌ر هێزه‌ كوردیه‌كانى خۆرئاواى كوردستان له‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ن كه‌ ئه‌مڕۆ میدیاى بیانى باسیان لێوه‌كردوون.


رۆیته‌رز: كۆمپانیانی بیره‌ نه‌وتێكی نوێ له‌ فیشخاپور ده‌دۆزێته‌وه‌

كۆمپانیای (DNO) ى نه‌رویجی له‌ هه‌رێمی كوردستان، دۆزینه‌وه‌ی دوو بیره‌ نه‌وتی به‌دووریی 12 كیلۆمه‌تر له‌ شارۆچكه‌ی  فیشخاپور ڕاگه‌یاند.

 دى ئێن ئۆ ده‌ڵێت "هه‌ڵكه‌ندنی ئه‌و دوو بیره‌ نه‌وته‌ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2016 دا ده‌ستیپێكردووه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین سه‌ره‌تایی مانگی نوێ قوڵی بیره‌كان بگه‌یه‌نینه‌ 3 هه‌زار و 500 مه‌تر كه‌ ڕۆژانه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانی 3 هه‌زار و 800 به‌رمیل نه‌وتیان هه‌یه‌". 

ماڵپه‌ڕى كۆمپانیاكه‌ ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بوو كاركردن له‌و كێڵگه‌یه‌دا ساڵی 2015 ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی نرخی نه‌وته‌وه‌ كاره‌كان ڕاگیران.
 
ئه‌مڕۆ 9ی كانونی دووه‌م،  DNO ڕایگه‌یاند، سه‌ره‌تایی مانگی شوبات كاركردن تێیاندا ته‌واوده‌بێت و بودجه‌ی ته‌رخانكراو تا ئه‌وكاته‌ى ده‌ستده‌كه‌ن به‌ به‌رهه‌مهێنان، 17 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلاره‌. 


the wall street journal: كوردى سوریا شایه‌نى ئه‌وه‌ن له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنیشن

زه‌ وه‌ڵ ستریت جۆڕناڵ ده‌ڵێت "كوردى سوریا كه‌ هاوپه‌یمانێكى گرنگى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بوون له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعشدا و بۆ ماوه‌یه‌كیش له‌لایه‌ن حكومه‌تى ڕوسیاوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كۆتایى 2015 و له‌و كاته‌ى گرژى له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌بوو پشتگیریى كراون، له‌لایه‌ن حكومه‌تى توركیاوه‌ به‌ مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بینرێن به‌ هۆى بوونى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارانى كوردستان".

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌نووسێت"ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پێیوایه‌ به‌شداریكردنى توركیا له‌ جه‌نگى سوریادا ته‌گه‌ره‌ ده‌خاته‌ شه‌ڕى دژى داعش"، له‌ ئێستادا یه‌كه‌م ئامانجى توركیا كپكردنه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیى كورده‌كانه‌ له‌ سوریا، "ته‌نانه‌ت توركیا ئاگربه‌ست به‌كارده‌هێنێت بۆ بێهێزكردنى كورده‌كان به‌ زیادكردنى هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بۆ سه‌ر پێگه‌ كوردییه‌كان، له‌ یه‌كه‌م ڕۆژى ئاگربه‌ستدا میدیا كوردییه‌كان ڕایانگه‌یاند كه‌ هێزه‌ توركییه‌كان هێرشیانكردووه‌ته‌ سه‌ر شارۆچكه‌ كوردییه‌كان و نووسینگه‌ى ئاسایشى میلیشیاكان".

به‌ هۆى به‌شداریكردنى به‌رده‌وام و به‌هێزییان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعشدا، له‌ كاتى كه‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌كانیدا دۆناڵد تره‌مپ ڕایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ كورده‌كان پڕچه‌ك بكه‌ین و وتى "ئه‌وان بۆیان سه‌لماندووین كه‌ باشترین شه‌ڕكه‌ر و دڵسۆزترینن بۆ ئێمه‌". له‌ ئێستادا له‌ ژێر فشارى هه‌موو لایه‌كه‌وه‌، كورده‌كان چاوه‌ڕێى پشتگیریى تره‌مپن و پشتییان به‌ قسه‌كانى ئه‌و به‌ستووه‌.

پشتگیرى سیاسى هێنده‌ى پشتگیرى سه‌ربازى گرنگه‌ و پێویسته‌ ئیداره‌ى تره‌مپ كورده‌كان له‌وه‌ دڵنیا بكاته‌وه‌ كه‌ دواى شه‌ڕى داعشیش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگیرییان و مافى خۆیانه‌ نوێنه‌رایه‌تى مه‌ده‌نى و سیاسى خۆیان بكه‌ن له‌ سوریادا، باشترین ڕێگاش بۆ ده‌ستپێكردنى ئه‌وه‌ پێداگریكردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كورده‌كان به‌شداربن له‌سه‌ر مێزى گفتووگۆ و كۆتایی پێهێنانى شه‌ڕى ناوخۆیى سوریا.


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure