دوایین زانیاری لەسەر مردنی پزیشكه‌كه‌ی هه‌ولێر ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 134970‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ هەینی 30ی کانونی یەکەمی 2016  د. خاوەر ئەحمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوونی هەولێر له‌كاتی منداڵبوون گیانی له‌ ده‌ستدا، به‌ڕێوبه‌ری ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یەی پزیشكه‌كە تیایدا گیانی له‌ ده‌ستدا، چیرۆكی مردنه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه،‌ ئاماژه ‌به‌وه ‌ده‌كات، ناوبراو دوای نه‌شتگه‌رییه‌كه به‌هۆش خۆی هاتۆته‌وه، به‌ڵام دواتر‌ به‌هۆی جه‌ڵته‌ی سییه‌كانه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستداوه‌.

د. سادق عه‌زیز خۆشناو، به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی "پاكی" له‌ شاری هه‌وڵێر، چۆنیه‌تی مردنی به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی له‌ دایك بوون و منداڵبوون ده‌گێڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی د. خاوه‌ر یه‌كێك بووە له‌ پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌كه‌، بۆیه‌ بڕیاریدابوو نه‌شته‌رگه‌ری له‌ دایكبوونی كۆرپه‌له‌ی سێیه‌می كه‌ كچە بكه‌وێته‌ رێككه‌وتی 4ی كانونی دووه‌م، له‌ لایه‌ن ئه‌و تیمه‌ی كه‌ خۆی ده‌ستنیشانی كردبوو، به‌ڵام واده‌ی منداڵبوونه‌وه‌كه‌ی پێشخرا به‌هۆی دروستبوونی ئازار.

ئه‌و پزیشكه‌ ئاشكراشیكرد، ئه‌و تیمه‌ دكتۆره‌ی نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ دكتۆره‌ خاوه‌ر ئه‌نجامداوه‌ یه‌كێكن له‌ باشترین تیمه‌كانی منداڵبوونی هه‌رێم، به‌ڵام دكتۆره‌ خاوه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌و بووه‌وكێشه‌ی دڵ و نه‌خۆشی شه‌كره‌ی هه‌بووه‌ له‌ منداڵبوونی دووه‌میشی هه‌مان كێشه‌ی بۆ دروست بووه‌، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی، لەناکاو دڵی دەوەستێت، هەرچەندە پزیشکان بە شۆکی کارەبایی جارێک دەیگەڕێننەوە، بەڵام بۆ جاری دووەم دڵی دەوەستێت و کۆچی دوایی دەکات.

ناوبراو، روونشیكرده‌وه‌، له‌سه‌ر داوای خۆی بۆ نه‌شته‌رگه‌ری خراوەتە ژێر بەنجی نیوەیی دوای ئه‌وه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامده‌درێت، ناوبراو منداڵه‌كه‌ی خۆی ماچ ده‌كات، به‌ڵام له ناكاو باری ته‌ندروستی تێكده‌چێت پێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی جه‌ڵته‌ی سییه‌كانه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستدابێت.

ئه‌و پزیشكه‌ له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ی له‌و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌ دووپاتیكرده‌وه‌، دكتۆره‌ خاوه‌ر خۆی پزیشك بووه‌ له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌و دواتریش ناوبراو ئازاده‌ له‌ كوێ نه‌شته‌رگه‌ری ده‌كات و ئه‌و ستافه‌شی كه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌یان بۆ ئه‌نجامداوه‌ هاوڕێی خۆی بوون و كه‌سوكاری دكتۆره‌ خاوه‌ر ده‌زانن هۆكاری مردنه‌كه‌ی به‌ ته‌واوی چۆن بووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ د.سامان به‌رزنجی، به‌ڕێویه‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند" چوونی ئەو پزیشکە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، پەیوەندی بە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە نەخۆشخانە حکوومییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لەکاتێکدا باری تەندروستی تێکچووە، دکتۆرە خاوەر پەیوەندی بە هاوڕێ پزیشکەکانی کردووە و لەم کاتەشدا زۆرینەیان لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلیدا بوون، بۆیە ئەو چووەتە نەخۆشخانەکە و هەر لەوێش نەشتەرگەری بۆ کراوە".

به‌ڕێوبه‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر وتیشی "لە وەزارەتی تەندروستییەوە، لیژنەیەک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی ئەو پزیشکە پێکهێندراوە".

د.خاوه‌ر ئه‌حمه‌د لە ساڵی ۱۹۷٦ لەشاری هەولێر لە دایک بووە، لە ساڵی ۱۹۹۹_۲۰۰۰  کۆلیژی پزیشکی زانکۆی سەڵاحەدینی لە هەولێر تەواوکردووە و لە ساڵی ۲۰۱۰ بڕوانامەی پسپوڕی ماستەری لە نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون بەدەست هێناوە، له‌ رێككه‌وتی ۲۰۱٦/۱۲/۳۰  کوچی دوایی کرد.


  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure